زەبووری 146
 1 هەلیلویا! 
ئەی گیانی من ستایشی یەزدان بکە. 
 2 هەتا لە ژیاندام ستایشی یەزدان دەکەم، 
هەتا ماوم مۆسیقا بۆ خودای خۆم دەژەنم. 
 3 نە پشت بە میرەکان ببەستن، 
نە بە ئادەمیزاد کە ڕزگارییان لەلا نییە. 
 4 کە ڕۆحی دەرچوو بۆ خۆڵەکەی خۆی دەگەڕێتەوە، 
لە هەمان ڕۆژدا پلانەکانی دەسڕێتەوە. 
 5 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی کە خودای یاقوب یارمەتیدەری بێت و 
هیوای بە یەزدانی پەروەردگاری خۆی بێت، 
 6 دروستکەری ئاسمان و زەوی و 
دەریا و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە، 
ئەوەی هەتاهەتایە دڵسۆز دەمێنێتەوە. 
 7 دادپەروەری بۆ زۆرلێکراوان بەڕێوە دەبات، 
نان دەداتە برسییەکان. 
یەزدان گیراوەکان ئازاد دەکات، 
 8 یەزدان چاوی کوێرەکان دەکاتەوە، 
یەزدان کەسە چەماوەکان ڕاست دەکاتەوە، 
یەزدان ڕاستودروستانی خۆشدەوێت. 
 9 یەزدان نامۆکان دەپارێزێت، 
یارمەتی هەتیو و بێوەژنان دەدات، 
بەڵام ڕێگای بەدکاران خوار دەکات. 
 10 یەزدان هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات، 
ئەی سییۆن، ئەو خودای تۆیە بۆ هەموو نەوەکانت. 
هەلیلویا.